دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 10 کۆمپانیا و حەوت کەشتیی نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە ئێرانی سزادا

هەرێم نیوز

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکیی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC)، سەپاندنی قۆناغێکی نوێی سزاکانی بەسەر 10 کۆمپانیا و حەوت کەشتیی نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی فەرمانی جێبەجێکردنی ژمارە 13902، سزای نوێی بەسەر تۆڕێکی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاندووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، 10 دامەزراوە و کۆمپانیای بازرگانی لەگەڵ حەوت کەشتیی نەوتهەڵگر خراونەتە لیستی کۆتوبەندە دارایی و ئابوورییەکانی ئەمریکاوە.

لە نێو ئەو دامەزراوانەی تازە سزادراون، ناوی "بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی هورمزسەیف" و "کۆمپانیای بیمەی دەریایی کەنداوی فارس" دەبینرێت کە لە ناوخۆی ئێراندا کار دەکەن. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم دوو دامەزراوەیە جگە لە سزاکانی سەرەکی، سزای لاوەکیشیان بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەو کۆمپانیایانەی سزادراون لە هۆنگ کۆنگ، چین و دوورگەکانی مارشاڵ تۆمار کراون و ئەو حەوت کەشتییە نەوتهەڵگرەشی کە کراونەتە ئامانج، بە ئاڵای وڵاتانی جیاوازەوە هاتوچۆ دەکەن، کە بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی گەنجینەی ئەمریکا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بەو کۆمپانیایانەوە هەیە کە لەم پاکێجە نوێیەی سزاکاندان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP