هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کاردانەوەی بۆ هێرشە شەوانەکانی سەر پێگەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە، بە زمانێکی زبر و بێپێشینە هۆشداریی دایە ئێران و هاوکات ڕایگەیاند کە دانوستانە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ تاران و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکان بەردەوامن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی (فۆکس نیوز)، بە زمانێکی زۆر توند وەڵامی هێرشە شەوانەکانی ئێرانی بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دایەوە و بەبڕیارەوە جەختی لەوە کردەوە کە "وردوخاشیان دەکەین".
ناوبراو هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکای لە ئوردن بە "هێرشێکی لەناکاو" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لەو ڕووداوەدا هێزە سەربازییەکان تەنها چەند خولەکێکیان لەبەردەستدا بووە بۆ تێکشکاندن و خستنەخوارەوەی مووشەکەکان.
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناو خاکی عێراق کرد. لەکاتێکدا ئەو گرووپانەی بە "شێرپەنجە بۆ جیهان" وەسف کرد، ئاشکرای کرد کە ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئەنجام دراوە.
سەرباری ئەو ئاستە لە ململانێ و هەڵکشانی توندی گرژییەکان، سەرۆکی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە دەرگای دیپلۆماسی دانەخراوە و ڕێگە بە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەدات بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەردەوام بن.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، ترەمپ تیشکی خستە سەر ڕەهەندەکانی دیدارەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. لەکاتێکدا دیدارەکەی بە کۆبوونەوەیەکی "زۆر باش" وەسف کرد، ڕایگەیاند کە نەتانیاهۆ ئێستا "تێگەیشتنی بۆ بابەتەکان و دۆخەکە هەیە"، بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوە و وردەکارییەکی زیاتر لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنە بدات.