ھەرێم نیوز
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ـی ٧ـی ٢٠٢٦، گۆڤاری (یەکەم چرا) بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای کەلتووریی یاد، ڕێوڕەسمێکی شایستە و پڕ شکۆی بە ناونیشانی "یادێک لە دارولمولکی بابانەوە - یادی ١٠٠ ساڵەی پەیدابوونی هونەری شانۆ لە شاری سلێمانی" ساز کرد.
ڕێوڕەسمەکە لە سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و ئازاد تۆفیق، پارێزگاتی پێشووی هەڵەبجە و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی دیار و بەئەزموونی بواری شانۆ لە شاری سلێمانی، هەروەها ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە شانۆکاران، بیرمەندان و نووسەران بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە، بە وەستان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
دواتر لە ساتێکی پڕ لە هەست و سۆزی هونەریدا، مۆمی (١٠٠) ساڵەی پەیدابوونی شانۆ لە شاری سلێمانی داگیرسێندرا، کە هێمایەک بوو بۆ بەردەوامی و درێژەی کاروانی ڕۆشنبیری و هونەری لەو شارەدا.
پاشان، گوتاری هەردوو ڕێکخەری ڕێوڕەسمەکە (گۆڤاری یەکەم چرا و دەزگای کەلتووریی یاد) لەلایەن (ڕووبار ئەحمەد)ەوە پێشکەش کرا.
دواتر (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر گوتاری پارێزگای پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم یادە و پێگەی هونەریی شاری سلێمانی.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە سەدە و مێژووی شانۆ لە شاری سلێمانی، نمایش کرا و ئامادەبووانی بردەوە بۆ وێستگە گرنگەکانی مێژووی شانۆی کوردی. دواتریش، هونەرمەندی دیار (ئەحمەد سالار) پەیفی تایبەت بە (١٠٠) ساڵەی شانۆی سلێمانی پێشکەش کرد و گوزارشتی لە قووڵایی و خەباتی هونەریی ئەم بوارە کرد.
بۆ زیندووڕاگرتنی ڕۆحی ڕەسەنایەتی، چەپکێک گۆرانیی ڕەسەنی کوردی لەلایەن هەردوو دەنگخۆش (ڕێبین جەماڵ و سامان قادر)ەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و کەشێکی هونەریی تایبەتیان بەخشییە هۆڵەکە.
یەکێک لە کاریگەرترین و پڕ بەهاترین بڕگەکانی ڕێوڕەسمەکە، تەرخان کرابوو بۆ ڕێزلێنان لەو هونەرمەندە شانۆکارانەی شاری سلێمانی کە تەمەنی هونەرییان پترە لە (نیو سەدە) و خزمەتێکی بێوچانیان بە هونەری نەتەوەکەیان کردووە و مێژوویەکی زێڕینیان تۆمار کردووە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، دوای گرتنی وێنەی یادگاری لە نێوان ئامادەبووان و میواناندا، وەک دیارییەکی مەعنەوی و ڕۆشنبیری، ژمارەی نوێی (گۆڤاری یەکەم چرا) بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا.