دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی زەیدی حەشدی شەعبی و تەواوی وەزارەتە ئەمنییەکان دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی خۆی!

هەرێم نیوز

سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە هەنگاوێکی وەرچەرخاندا، بارەگای نوێی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی لە ناوچەی سەوز دەکاتەوە و تەواوی دامەزراوە ئەمنی، هەواڵگری و سەربازییەکانی وڵات لەژێر یەک چەتری سەرپەرشتیکردندا کۆدەکاتەوە.

کۆکردنەوەی جومگە ئەمنییەکان لەژێر یەک دەسەڵاتدا
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاگادار لە شاری بەغدا بە ئاژانسی "شەفەق نوز"ی ڕاگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێکهاتەیەکی نوێی بۆ نووسینگەی فەرماندەی گشتی لە ناوچەی سەوزی بەغدا جێبەجێ کردووە کە تەواوی سەرکردە و دەزگا ئەمنییەکان پێکەوە دەبەستێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەم نووسینگە نوێیە ڕاستەوخۆ لەلایەن عەلی زەیدییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دەسەڵاتی بەسەر وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، دەزگای دژە تیرۆر، دەزگای هەواڵگری، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەستەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەستەی دەروازە سنوورییەکان و دەستەی بەرهەمهێنانی سەربازیدا دەبێت.

هەڵوەشاندنەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و گۆڕانکارییەکان
بڕیاریشە لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ئەمنییە ڕیشەییەدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەرک و دەسەڵاتەکانی ڕێکبخرێنەوە و بخرێنە سەر نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.

ئەم هەنگاوە نوێیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە لە پۆستەکەی، زنجیرەیەک گۆڕانکاریی گەورەی لە پۆستە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی دەوڵەتدا ئەنجامداوە؛ لەوانەش گۆڕینی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی، فەرماندەی هێزی تایبەت و بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی. چاوەڕوانیش دەکرێت زنجیرەی گۆڕانکارییەکان بەردەوام بێت و بەم زووانە دەستەی حەشدی شەعبیش بگرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP