هەرێم نیوز
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سبەی دووشەممە، 13ـی 7ـی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی باڵا بەرەو واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێ دەکەوێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی 7ـی 2026، وتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد کە سەرۆک وەزیران لە واشنتن چەندین دیداری گرنگی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵا و دامەزراوە ئابووری و داراییەکانی ئەمریکا دەبێت.
بەپێی وتەی ناوبراو، لە سەردانەکەدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی نەوت و غاز ئیمزا دەکرێت، ئەوەش بە مەبەستی هێنانی کۆمپانیا تایبەتمەندە ئەمریکییەکان و دۆزینەوەی دەروازەی نوێ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کێشەکانی گەرووی هورمز.
عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە ئیدارەدانی قەیرانەوە دەگۆڕدرێت بۆ هاوبەشیی ئابووریی درێژخایەن، هەروەها پرسی پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکان و پەرەپێدانیان لە سەرەکیترین بەرنامەکانی سەردانەکەی زەیدیدایە.
وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش دا، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پێویستییەکی عێراقییە بۆ ڕەخساندنی کەشوهەوای وەبەرهێنان و سەقامگیریی ناوخۆیی، هەروەها جەختی کردەوە کە سەرجەم ئەو ڕێککەوتنانەی ئیمزا دەکرێن، پشتبەستوو دەبن بە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات.