دواین هەواڵ

عێراق‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆتاییهات و باسی مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستان نەکرا

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی کۆتایی بە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی هێنا، بەبێ ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی 7ـی 2026، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا کە چاوەڕوان دەکرا پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، ئەو پرسە نەخرایە بەرباس.

 پێشتر سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەرچەندە پرسی مووچە لە کارنامەی پێشوەختەی کۆبوونەوەکەدا نەبووە، بەڵام پێشبینی دەکرا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا بڕیاری لەسەر بدرێت.

سەبارەت بە کێشەی داهاتە نانەوتییەکان، سیپان شێروانی ڕایگەیاند، بەهۆی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و حکومەتی عێراقیش ئاگاداری ئەو دۆخەیە؛ هەر بۆیە تێگەیشتنێک هەیە بۆ ئاسانکاری لەسەر پرسی 120 ملیار دینارەکە تاوەکو نەبێتە ڕێگر لە بەردەم ناردنی مووچەدا. 

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 60 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی ئامادە کردووە و هەر کاتێک بەغدا بڕیاری فەرمی لەسەر ڕەوانەکردنی مووچە بدات، ڕاستەوخۆ ئەو بڕە پارەیە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP