هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە گومرگی "دارەمان" لەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و هەولێر، دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکی 8.5 تۆنی کەرەستەی پزیشکی و دەرمانی قاچاغدا گرتووە.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی 7ـی 2026، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی ڕایگەیاند، تیمەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی پۆلیسی گومرگ، پاش وەرگرتنی زانیاریی ورد دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکی جۆری "مێرسیدس-ئەکتڕۆس"ـدا گرتووە.
تۆمەتباران لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بە شێوەیەکی ساختە ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئەو دەرمانانە "بەرهەمی ناوخۆیین"، ئەوەش بە مەبەستی خۆدزینەوە لە دانی باجی گومرگی و تێپەڕاندنی ئەو دەرمانانەی کە هاوردەکردنیان قەدەغەیە.
لەو چالاکییەدا دوو کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لەم دۆسیەیەدا دەستگیر کراون، کە بریتین لە شۆفێری بارهەڵگرەکە و فەرمانبەرێکی گومرگ.
هەروەها پەڕاوی لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ رووداوەکە ڕێکخراوە و تۆمەتباران و بارە دەستبەسەرداگیراوەکەش ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.