دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سندوقی نێودەوڵەتی دراو: لە نیوەی دووەمی 2026دا، عێراق بوژانەوەیەکی ئابووریی خێرا بەخۆوە دەبینێت.

هەرێم نیوز

سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ئاسۆی ئابووریی جیهانی ڕایگەیاند، عێراق یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە لە نیوەی دووەمی ساڵی 2026دا گەورەترین بازدانی ئابووری تۆمار دەکات، بەڵام هاوکات هۆشداریی تووندی داوە لەبارەی پێویستیی ئەنجامدانی چاکسازیی دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.

ئەمڕۆ هەینی، 10ـی 7ـی 2026، سندوقەکە پێشبینی کردووە گەشەی ئابووریی عێراق بۆ ئەمساڵ بگاتە 5.8٪، ئەوەش دوای ئەوەی لە نیوەی یەکەمی ساڵدا بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و داخستنی تەنگەی هورمز، بۆ خوار 2٪ دابەزیبوو. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "نەوت ناتوانێت بۆ هەمیشە ڕزگارتان بکات، کاتەکە گونجاوە بۆ ئەوەی داهاتی ئەمساڵ لە بونیادنانەوەی پیشەسازی و کشتوکاڵدا خەرج بکرێت، نەک تەنیا بۆ مووچە".

سەبارەت بە دۆخی جیهانی، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئابووریی جیهان بە دۆخێکی ناسکدا تێدەپەڕێت و لە نیوەی یەکەمی 2026دا، ئابووریی ئێران 9.5٪ پاشەکشەی کردووە، کە گەورەترین داکشانە لەدوای جەنگی عێراق و ئێرانەوە.

هەروەها پێشبینی دەکرێت گەشەی ئابووریی جیهانی بۆ ساڵی 2026 بگاتە 3٪، بەم شێوەیە:
ئەمریکا: 2.3٪ گەشە دەکات.

چین: 4.6٪ گەشە دەکات.

ئەورووپا: بەهۆی گرانیی وزە، خاوترین گەشە (1.1٪) تۆمار دەکات.
سندوقی نێودەوڵەتی دراو بە پەیامێکی هۆشداریدەر ڕاپۆرتەکەی کۆتایی پێهێناوە و جەختی کردووەتەوە کە "جیهان لە قۆناغی وەرچەرخاندایە" و ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبێت، مەترسیی "پاشەکشەی گەورە" بۆ ساڵی 2027 لە ئارادایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP