هەرێم نیوز
پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان بڵاوی کردەوە، هەفتەی داهاتوو عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە واشنتۆن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆ دەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 10ـی 7ـی 2026، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەم دیدارەدا، هەردوو لا تاوتوێی کۆمەڵێک دۆسیەی چارەنووسساز بۆ عێراق و ناوچەکە دەکەن.
دیارترین ئەو پرسانەی بڕیارە بخرێنە بەر باس، بریتین لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و بەهێزکردنی کەرتی وزە، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها، دۆسیەی ئەمنی پێگەیەکی گرنگی لە گفتوگۆکاندا دەبێت، بەتایبەت شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی یاسادان و سنووردارکردنی دەستوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا، کە بە یەکێک لە تەنگژە سەرەکییەکانی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن دادەنرێت.
سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ناسکدا تێپەڕ دەبێت و چاودێران پێیان وایە، ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر سەقامگیریی عێراق و ئایندەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەبێت.