هەرێم نیوز
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند، کە هەردوو لایەنی سەرەکی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)، وەڵامێکی ئەرێنی و ئیجابییان داوەتەوە بە دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا سەلاحەدین بەهادین، ئەمەش ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، د. سەلاحەدین بابەکر، وتەبێژی فەرمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کردووە: "هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی وەڵامی ئیجابیی دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوویان داوەتەوە."
وتەبێژی یەکگرتوو جەختی کردووەتەوە، کە لە سەر بنەمای ئەم وەڵامە ئەرێنییە، لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی لووتکە و فراوان لە نێوان پارتی، یەکێتی و تەواوی ئەو لایەنە سیاسییانەی کە خاوەن فراکسیۆنن لە پەرلەمانی کوردستان، ئەنجام دەدرێت.
د. سەلاحەدین بابەکر ئاماژەی بە ئامانجی ئەم کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە کردووە و ڕایگەیاندووە، کە لەو دیدارەدا بە تەواوی چەقبەستووییە سیاسییەکەی ئێستای هەرێم دەشکێنرێت و میکانیزمێکی گونجاو و هاوبەش بۆ چۆنیەتیی کاراکردنەوەی هەمیشەیی پەرلەمانی کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.