هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا سەرکەوتنی پڕۆژەکانی ڕێکخستنەوەی تۆڕی گشتیی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، کە بەهۆی بەرفراوانکردنی سێکتەرەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن، توانراوە چوارچێوەی کارکردنی 6,000 موەلیدەی ئەهلی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا کۆتایی پێ بهێنرێت و بکوژێنرێنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی کارەبا کە دوێنێ پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە پێناو کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاوڵاتیان، لە سێکتەری بەرهەمهێناندا بڕی 1,974 مێگاوات کارەبای نوێ و تازە بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی زیاد کراوە. ئەم بڕە وزەیەش لە ڕێگەی چەندین وێستگەی جیاوازەوە دابین کراوە، کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
وێستگەی بازیان: 750 مێگاوات
وێستگەی خورماڵە: 500 مێگاوات
وێستگەی هەڵمیی خەبات: 300 مێگاوات
وێستگەی گەرمیان: 165 مێگاوات
وێستگەکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک): 87 مێگاوات
وێستگەی دێرەلوک: 38 مێگاوات
هاوكات وەک هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژی بەرەو بەکارهێنانی وزەی پاک و دۆستی ژینگە، وەزارەتی کارەبا توانیویەتی 134 مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی سێکتەری وزەی خۆرەوە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێنێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بۆ گەیاندنی ئەم وزەیە بە کوالیتییەکی بەرز و جێگیر بۆ ناو ماڵ و کارگەکانی هاوڵاتیان، 61 پڕۆژەی جیاواز لە سێکتەری گواستنەوەی کارەبادا بە گوژمەی 372.84 ملیۆن دۆلار ئەنجام دراون، کە ئەمەش بازدانێکی کوالیتی گەورە لە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات.