دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسداران ٣ کەشتیی بازرگانیی کردە ئامانج

هەرێم نیوز

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاند، کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سێ کەرتی کەشتیوانی و نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی میدیایی "درەو"، ئاڵۆزییە دەریاییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە لوتکە. سەرچاوە ئاگادارەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کەشتییەکی گواستنەوەی غازی سروشتیی قەتەری و کەشتییەکی نەوتهەڵگری نەوتی خاو کە ئاڵای شانشینی سعۆدیەی پێوە بووە، لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە مووشەکباران کراون و زیانیان بەرکەوتووە.

کەشتییە قەتەرییەکە کە ناوی "ئەلروقەیات"ە، پاش ئەوەی لە لای چەپییەوە بە توندی کراوەتە ئامانج، بەپەلە داوای هاوکاریی نێودەوڵەتیی کردووە.

سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە فەرمی بەرپرسیارێتیی تەواوی هێرشەکە و لێکەوتە و زیانە داراییەکانی خستووەتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران. دەۆحە بە توندی داوای لە تاران کردووە کە دەستبەجێ ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە نەرێنییانە ڕابگرێت کە دەبنە هۆی تێکدانی سەلامەتیی جووڵەی کەشتیوانی لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاویی و ئابوورییەکانی جیهاندا.

هاوکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاندووە، کە تاران بە تەواوی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی پێشێل کردووە کە پێشتر لەگەڵ واشنتۆن لەسەر ئاسایشی دەریایی واژۆی کردبوو. ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە کە بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان، گوزارشتە لە پێشێلکاریی ڕاستەوخۆی لێکتێگەیشتنەکانی تایبەت بە ئازادیی تێپەڕینی دەریایی لە گەرووی هورمزدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP