هەرێم نیوز
تیمی پارێزەرانی بەرگری لە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و ڕاگیراوانی لالەزار، بەهۆی یەکلانەکردنەوەی دۆسیەکەیان لە ماوەی یاساییدا، ڕایان گەیاند کە سکاڵایەکی فەرمییان لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە دژی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی 7ـی 2026، تیمی پارێزەرانی دۆسیەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 37 ڕۆژ بەسەر تۆمارکردنی سکاڵایەک لە دژی دادگای تاوانەکانی دوو لە ڕێکەوتی 31ـی 5ـی 2026، دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دەرنەکردووە.
تیمی پارێزەران پاڵپشت بە ماددەی (10) لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری، داوایان کردووە دادوەرانی دادگای تێهەڵچوونەوە لەبەردەم دادگای پێداچوونەوە ئامادە بن و وەڵامی یاسایی سکاڵاکە بدەنەوە.
هەروەها ئاماژەیان بە ماددەی (57)ـی هەمان یاسا کردووە کە دەسەڵات بە دادگای پێداچوونەوە دەدات سزای دیسیپلینی بەسەر دادوەراندا بسەپێنێت، ئەگەر هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکاندا بسەلمێنرێت، کە دەکرێت بگاتە کۆتاییهێنان بە ڕاژەی دادوەرییان.
لە کۆتاییدا، دانا حەمە تەقیالدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەکە دووپاتی کردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان بۆ پاراستنی مافی بریکارەکانیان.
شایانی باسە، شەوی 22ـی 8ـی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لە نێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، کە لە ئەنجامدا لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران و چەندین کەسیش لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.