دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی بازرگانی ڕێنمایی نوێ بۆ تۆمارکردنی خێزان و کەسی نوێ لە بەشەخۆراکدا بڵاو دەکاتەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی نوێی تایبەت بە مامەڵەی تۆمارکردنی نوێی خێزان و کەسانی سەروو 12 ساڵ لە سیستمی بەشەخۆراکدا بڵاو کردەوە و جەختی کردەوە کە سەرجەم مامەڵەکان لە لقەکانی بەشەخۆراک (تموین) ئەنجام دەدرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی 7ـی 2026، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕای گەیاند، بەهۆی کەمیی فەرمانبەران لە لقەکانی بەشەخۆراکدا، بڕیاری داوە خزمەتگوزاریی تۆمارکردنی خێزانی نوێ و کەسی نوێ (سەروو 12 ساڵ) بگوازێتەوە بۆ سەر لقەکان.

بەپێی ڕێنماییەکان، پێویستە هاووڵاتیان سەردانی لقەکان بکەن و دوای تەواوکردنی مامەڵەکانیان، ڕەوانەی بەشی کۆمپیوتەری بەشەخۆراک بکرێن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی لە هیچ پارێزگایەکی عێراقدا پێشتر تۆمار نەکراون.

بۆ تۆمارکردنی خێزانی نوێ، پێشکەشکردنی داواکاری (عەریزە)، فۆرمی سەلماندنی ئامادەبوون، پسوولەی جبایە، کۆپیی کارتی نیشتمانیی سەرجەم ئەندامان، کارتی نیشتەجێبوون، و دیاریکردنی ژمارەی بنکەی بەشەخۆراک لەگەڵ زانیارییەکانی بریکاری خۆراک و ئارد پێویستە.

هەروەها بۆ دووبارە تۆمارکردنەوەی کەسێک کە تەمەنی لە 12 ساڵ زیاتر بێت، جگە لە پێشکەشکردنی داواکاری، فۆرمی سەلماندنی ئامادەبوون، پسوولەی جبایە، کۆپیی کارتی نیشتمانیی کەسەکە، کۆپیی کارتی نیشتەجێبوون، و ژمارەی ئەلیکترۆنیی ئەو کارتەی کە دەیانەوێت کەسەکەی بۆ زیاد بکەن، داوا کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP