دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەماهەنگیی مەیدانیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهێز دەکرێت

هەرێم نیوز

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی ئەمنی و سەربازیی جێی بایەخی هاوبەش.

لە دیدارەکەدا، پێداچوونەوە بە دۆخی ئەمنیی ئێستای وڵاتدا کرا و باسیان لە ڕێگەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش و هاوکاریی مەیدانی نێوان هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە کرد، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بایەخی ئەمنی هاوبەشیان هەیە، ئەویش بە مەبەستی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان و پاراستنی سنوورەکان.

هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوون و پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، بە شێوەیەک کە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەپاندنی سەروەریی یاسا لە تەواوی ناوچەکانی وڵاتدا دەستەبەر بکات.

لە کۆتاییدا، هەردوولا ستایشی ئاستی هاوکاریی ئێستا و تەواوکاریی نێوان دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانیان کرد و جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییە جیاوازەکان و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەهۆی قوربانییە هاوبەشەکانەوە هاتوونەتە دی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP