هەرێم نیوز
کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنی کە پەیامنێری ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردوون، وردەکارییەکی بێ وێنەی سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی و ڕۆڵی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە ماوەی نێوان ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ ئاشکرا کردووە.
ئەو بەڵگەنامانە کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەرتی غەززەدا دۆزراونەتەوە، بریتین لە نامە، گفتوگۆ و ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان. بەپێی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان دەستی پێ کردووە و چوارچێوەیەکی هەماهەنگی لە نێوان لایەنەکانی "میحوەری خۆڕاگری" دامەزراوە، کە تێیدا ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە نامەیەکدا بۆ حەسەن نەسروڵڵا جەختی لەوە کردووەتەوە کە حیزبوڵڵا هاوبەشی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتوو دەبێت.
ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و هاوکاریی هەواڵگری
بەڵگەنامەکان باس لە دامەزراندنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە بەیرووت لە ساڵی ٢٠٢١ دەکەن کە لە نوێنەرانی حەماس، حیزبوڵڵا و سوپای پاسداران پێکهاتبوو.
لەوێوە حیزبوڵڵا زانیاریی هەواڵگریی وردی لەسەر جموجۆڵەکانی سوپای ئیسرائیل و هێزی ئاسمانی بۆ حەماس دابین دەکرد، تەنانەت هۆشداریی پێشوەختەیان پێ دەدا بۆ خۆپارێزی لە هێرشە ئاسمانییەکان.
ناکۆکی و ئاستی بەشداریکردن
سەرەڕای ئەم هەماهەنگییە، بەڵگەنامەکان ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان هەردوولا ئاشکرا دەکەن. حەماس داوای لە حیزبوڵڵا کردووە لە کاتی قەیرانەکاندا بەرەی باکوور بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان، بەڵام حیزبوڵڵا بە سنووردار بەشداری کردووە. لە کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٢ی بەیرووتدا، نەسروڵڵا داوای کردووە ئامانجە ستراتیژییەکانی جەنگ بە ڕوونی دیاری بکرێن، لە کاتێکدا یەحیا سینوار سیناریۆی "شەڕی بەڵێنی دووەم"ـی پێشنیار کردبوو کە بریتی بوو لە هێرشێکی هاوکات لە چەند بەرەیەکەوە.
لە کۆتاییدا، بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کاتێک حەماس هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی دەست پێ کرد، سینوار نامەیەکی بۆ نەسروڵڵا ناردووە و داوای لێ کردووە بە پەلە بەشداری بکات، بەڵام حیزبوڵڵا بەشێوەیەکی سنوردار هاتە ناو جەنگەکەوە، کە ئەمەش ئاستی چاوەڕوانییەکانی حەماسی بەدی نەهێنا.