هەرێم نیوز
پەردە لەسەر وردەکاریی نوێ و ڕۆڵی دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان لە هەڵمەتە فراوانەکەی حکومەتی عێراق دژ بە گەندەڵی لادەدەرێت و پێگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتدا وەک بەهێزترین کارەکتەر نیشان دەدرێت.
هاوکاریی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران
ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ماڵپەڕی بەناوبانگی "ئەلمۆنیتەر"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاشکرای کرد، ئەو هەڵمەتە چاوەڕواننەکراوەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسە گەندەڵەکان دەستی پێکردووە، تەنیا قۆناغی یەکەمە و پرۆسەکە بەردەوامیی دەبێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکی (FBI) هاوکاریی ڕاستەوخۆی حکومەتی عێراقی کردووە و زانیاریی وردی لەسەر ئەو کەسانە داوەتە بەغدا کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و پەیوەندیی ژێر بە ژێریان لەگەڵ لایەنە ناوچەییەکان و گروپە چەکدارەکاندا هەبووە.
ماڵپەڕەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چەندین بەرپرسی باڵا و تا ئێستا بە فەرمی ٤٧ بەرپرسی تۆمەتبار دەستگیرکراون.
فایەق زێدان؛ "پاشای عێراق" و ئەندازیاری پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن
بەشێکی سەرەکیی ڕاپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر تەرخانکراوە بۆ پێگەی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کە لە ئێستادا لە ناوەندە سیاسی و میدیاییە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا بەهۆی هەژموون و دەسەڵاتە بێ سنوورەکانییەوە بە "پاشای عێراق" وەسف دەکرێت.
دادوەری یەکەم لە ئێستادا سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئەم هەڵمەتە دادوەرییە توندە دەکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە فایەق زێدان
ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە دروستکردنی کەناڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ. لەم چوارچێوەیەدا، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر ستایشی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقی کردبوو بۆ ئازادکردنی کچە ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی "شیلی کیتڵسۆن" کە لە نیسانی ڕابردوودا لە بەغدا ڕفێندرابوو.
زێدان جگە لەوەی ڕۆڵی هەبوو لە شکاندنی چەقبەستوویی سیاسیی پێش پێکهێنانی حکومەت، ئەندازیاری سەرەکی گەیشتنی عەلی زەیدیش بووە بۆ سەرۆکایەتی وەزیران.
لە لایەکی دیکەوە، ڕیناد مەنسوور، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق لە دامەزراوەی "چاتەم هاوس"ی بەریتانی ڕایگەیاندووە، لەگەڵ سەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتە نوێیەکان لە عێراق جۆرێک لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەدی دەکرێت کە دوو ئامانجی لەپشتە؛ یەکەمین بۆ دوورخستنەوەی لایەنگرانی حکومەتی پێشوو لە جومگەکانی دەسەڵات، دووەمیشیان ناردنی پەیامێکی دڵنیاکەرەوەیە بۆ شەقام کە ئەم کابینەیە جیاوازە لەوانەی پێش خۆی.