هەرێم نیوز
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کاتی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق ئاشکرا کرد، و ڕایگەیاند کە قۆناغێکی نوێی هاوبەشیی ئابووری و ستراتیژی لە نێوان بەغدا و واشنتن دەست پێدەکات کە تێیدا ئەولەوییەتی ڕەها دەدرێت بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
کشانەوەی هاوپەیمانان و ئەولەوییەت بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی "سکای نیوز" ڕایگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا بە یەکجاری و بە تەواوەتی خاکی عێراق جێدەهێڵن. ناوبراو تیشکی خستە سەر سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وتی: "سەردانەکەمان بۆ واشنتن تەنیا گەشتێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی گەورەی هاوبەشیی ستراتیژییە."
سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد کە ڕێنمایی فەرمی ئاراستەی هەر سێ وەزارەتی نەوت، کارەبا و پەیوەندییەکان کراوە بۆ ئەوەی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدان، وزە و تەکنەلۆجیادا، ئەولەوییەتی تەواو بدرێت بە کۆمپانیا متمانەپێکراوەکانی ئەمریکا.
سندوقی وزە و گەشەپێدان بە بەهای ٤٠٠ ملیار دۆلار
سەبارەت بە وردەکاریی هاوکارییە ئابوورییەکان، زەیدی پەردەی لەسەر پڕۆژەیەکی گەورە لادا لە ژێر ناوی "سندوقی وزە و گەشەپێدان" کە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی تاوتوێی دەکەن. پڕۆژەکە بە فرۆشتنی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەست پێدەکات و لە قۆناغەکانی داهاتوودا بۆ دوو ملیۆن بەرمیل بەرز دەبێتەوە، کە هیوادارن ئەو بڕە نەوتە لە دەرەوەی کۆتوبەند و پشکی دیاریکراوی عێراق بێت لە ڕێکخراوی ئۆپێک.
بەپێی پلانەکە، هەژمارەکانی ئەم سندوقە لە دامەزراوە بانکییەکانی ئەمریکا دەکرێنەوە و داهاتی فرۆشی ئەو نەوتە، لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا ڕاستەوخۆ بۆ بنیاتنانی ژێرخان و پڕۆژەکانی کارەبا لە ناوخۆی عێراقدا بەگەڕ دەخرێت.
پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی سێ دەیەی داهاتوودا، قەبارەی پارەدارکردنی ئەم سندوقە بگاتە نزیکەی ٤٠٠ ملیار دۆلار.
چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت
لەسەر ئاستی ئەمنی و دۆخی ناوخۆی عێراق، سەرۆک وەزیران باسی لە پرسی گرووپە چەکدارەکان کرد و ڕایگەیاند، گفتوگۆیەکی قووڵ و ڕاشکاویان لەگەڵ سەرجەم ئەو گرووپانە ئەنجامداوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەوڵەت چوارچێوەی کۆکەرەوەی هەمووانە و بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا هەبێت.
زەیدی وتیشی، هەرچەندە ڕۆڵی ئەو گرووپانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا گرنگ بووە، بەڵام قۆناغی ئێستای وڵاتەکە دەخوازێت هەموان لە ژێر چەتری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کار بکەن.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی پشکێکی دادپەروەرانە لە ناو ڕێکخراوی ئۆپێکدا.
هۆکاری کێشەکانی ئێستای وڵاتەکەشی بۆ کەڵەکەبوونی قەیرانەکانی چەندین دەیەی ڕابردوو گەڕاندەوە، بەو پێیەی لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە سەرچاوە و داهاتێکی زۆری وڵاتەکە لەبری ئاوەدانی، بۆ جەنگ و قەیرانەکان بەهەدەر دراون.
جەختیشی کردەوە کە عێراق سیاسەتی هاوسەنگی و کرانەوەی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا هەیە و وڵاتانی کەنداویش بە قووڵاییەکی گرنگی مێژوویی و کولتووریی عێراق دادەنێت.