دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

سەرۆک وەزیرانی عێراق: پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن لە سەربازییەوە بۆ هاوبەشیی ئابووری دەگۆڕدرێن

هەرێم نیوز

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کە لەگەڵ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵات، چیدیکە هیچ پاساوێک بۆ بوونی چەکی دەرەوەی دەوڵەت و هێزی بەرگری نامێنێت، جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن بەرەو هاوبەشیی ئابووری هەنگاو دەنێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی 6ـی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی فەرمیدا ئاماژەی بە گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی کرد لە پاش پێشهاتە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەمدواییانەی ناوچەکە و ڕایگەیاند، قۆناغی هاوکاریی سەربازیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتایی هاتووە و لەمەودوا پەیوەندییەکان دەگۆڕدرێن بۆ هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و چەکی چەکدارەکان، سەرۆک وەزیران بە ڕوونی ڕایگەیاند: "دوای کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لە خاکەکەمان، هیچ پاساو و پێویستییەک بۆ هیچ جۆرە هێزێکی بەرگری یان جووڵەی چەکداری لە عێراقدا نامێنێت و پاراستنی سەروەریی وڵات تەنها لە ئەستۆی دامەزراوە شەرعی و سەربازییەکانی دەوڵەتدابێت."

عەلی فالح زەیدی لە لایەنێکی دیکەی قسەکانیدا کەرتی ئابووری و وزەی وڵاتی بەسەرکردەوە و ئاشکرای کرد، عێراق بە فەرمی داوا لە ڕێکخراوی ئۆپێک دەکات کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵات زیاد بکات، بە شێوەیەک کە لەگەڵ تواناکانی کەرتی نەوت و قەبارەی گەورەی دانیشتووانی عێراقدا بگونجێت تاوەکو بتوانرێت پەرە بە ژێرخانی ئابووری بدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP