دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

دوای تێپەڕبوونی 13 ساڵ بەسەر دەرچوونی، جارێکی دیکە عێراق خرایەوە "لیستی خۆڵەمێشی"ـیەوە

هەرێم نیوز

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی چاودێریی دارایی (FATF)، دوای تێپەڕبوونی 13 ساڵ بەسەر دەرچوونی، جارێکی دیکە عێراقی خستەوە "لیستی خۆڵەمێشی" خۆیەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کەموکوڕییانەی لە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی چالاکییە نایاساییەکاندا تۆمار کراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی 6ـی 2026، بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "دەنگی ئەمەریکا"ـی ڕاگەیاندووە، بڕیارەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت بانکی ناوەندیی عێراق دەبێت و مامەڵەی دامەزراوە داراییە عێراقییەکان لەگەڵ بانکە جیهانییەکان سنوردار دەکات، کە ئەمەش متمانە بە بانکە عێراقییەکان لاواز دەکات.

 شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە تێوەگلانی عێراق لە دۆسیەکانی سپیکردنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، کەمیی چاودێریی دادوەری بەسەر گەندەڵییە داراییەکان و پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بڕیارەی ڕێکخراوەکەن.

ل بەرامبەر ئەم دۆخەدا، حکوومەتی عێراق هەڵمەتێکی فراوانی بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵیی دارایی دەست پێ کردووە. لە ماوەی ڕابردوودا چەندین بەرپرسی باڵا دەستگیر کراون، کە دیارترینیان دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت بووە.

 لەم چوارچێوەیەشدا دەست بەسەر بڕێکی زۆری پارەی شاراوەدا گیراوە، کە دوایین نموونەیان دۆزینەوەی 5 ملیۆن دۆلاری سوتاو بووە لەناو تەنورێکدا کە خێزانی یەکێک لە تۆمەتبارەکان لە ترسی ئاشکرابوون ئاگریان تێبەرداوە.

گرووپی FATF دامەزراوەیەکی گرنگی نێودەوڵەتییە و لەلایەن گروپی حەوت (G7)ـەوە دامەزراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان. 

لیستی خۆڵەمێشی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە لە دۆسیەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی چەکداران کەموکوڕییان هەیە، بەڵام هاوکاریی ڕێکخراوەکە دەکەن بۆ چارەسەرکردنیان، بە پێچەوانەی لیستی ڕەش کە ڕووبەڕووی توندترین سزای دارایی دەبنەوە. 

عێراق لە ساڵی 2018 لە لیستی خۆڵەمێشی دەرچووبوو، بەڵام ئەمساڵ جارێکی دیکە گەڕێندرایەوە نێو لیستەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP