دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: پارە بلۆککراوەکانی ئێران بۆ کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت.

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە زنجیرەیەک لێدواندا ستراتیژی نوێی ئیدارەکەی بەرامبەر بە ئێران ئاشکرا کرد، کە تێیدا جەختی لەسەر بەکارهێنانی دارایی ئێران بۆ بواری مرۆیی و خۆراک کردەوە، هاوکات هۆشداری توندی دا لە ئەگەری پابەندنەبوونی تاران.


ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی 6ـی 2026، ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەو پارە بلۆککراوانەی ئێران کە بڕیارە ئازاد بکرێن، دەبێت تەنها بۆ کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵیی جووتیارانی ئەمریکا بەکاربهێنرێت. 

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەی دانیشتووانی ئێران گەیشتووەتە 91 ملیۆن کەس و حکومەتەکەیان لە دابینکردنی خۆراکی پێویست بۆیان تووشی کێشە بووە، بۆیە پێویستە داهاتی وڵاتەکەیان بۆ ئەو مەبەستە خەرج بکەن.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، ترەمپ دڵنیایی دا کە گەرووی هورمز "بە تەواوی کراوەیە" و ڕێژەی تێپەڕبوونی نەوت لە ڕابردوو زیاترە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران نابێت داهاتی نەوت بۆ خزمەتی سەربازیی خۆی بەکاربهێنێت.

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە "بەرەوپێشچوونی باش" لە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە هەیە، بەڵام هۆشداری دا: "ئەگەر ئێران پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبێت یان ڕەفتارەکانی باش نەکات، ئەوا ئەوە دەکەم کە پێویستە بیکەم." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵدەدات ئەو کێشانەش چارەسەر بکات کە پەیوەندییان بە بنیامین ناتانیاهۆوە هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP