هەرێم نیوز
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکی فەرمیدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانەوە ڕایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەندین دەیە پەناگەیەکی ئارام، مێژوویی و نیشتمانی بووە بۆ سەرجەم لێقەوماوان. جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئاڵنگارییە ئابوورییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییەکان، و داواشی لە حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.
ڕێزگرتن لە ڕۆحی مرۆیی و لەخۆگرتنی ملیۆنان ئاوارە
ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ڕێبەر ئەحمەد لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە هەرێمی کوردستان لەم ڕۆژەدا تەنیا وەک ژمارەیەک تەماشای دۆسیەی ئاوارەکان ناکات، بەڵکو بە قووڵی ڕێز لە ڕۆحی مرۆیی، ئیرادە و ئازایەتیی ئەو ملیۆنان کەسە دەگرێت کە بەهۆی ستەم، چەوسانەوە و تیرۆرەوە ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن. ڕاشیگەیاند: "بۆ چەندین دەیە، هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی جوگرافیی ئارام و شوێنێکی شکۆمەندانە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی چەوسانەوە هەڵاتوون."
وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد، کە لە قۆناغە سەختەکاندا هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن ئاوارە و پەنابەر پێشوازی لێکردوون و لەخۆگرتوون؛ ئەم کارە مرۆییە گەورەیەش لەژێر سەرپەرشتی و ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، کە تەواوی دامەزراوەکان و تواناکانی هەرێمیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی هیچ پەنابەرێک بێ هیوا و بێ پشتوان نەبێت.
کەمبوونەوەی هاوکارییەکان و سیستەمی نوێی تۆمارکردن
ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەش کرد، کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای تەواوی ئاڵنگاری و قەیرانەکان، ئێستاش نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی لەخۆ گرتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کەمی کردووە، ئەم دۆخەش فشارێکی یەکجار زۆری خستووەتە سەر کەرتی پەروەردە، تەندروستی و ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێم.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە سیستەمێکی تۆمارکردنی هەمەلایەنەیان بۆ ئاوارەکان پەیڕەو کردووە کە هاوتایە لەگەڵ بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، و حکوومەت هەموو ئاسانکارییەکی کردووە بۆ خێرا دەستگەیشتنی ئەوان بە پێداویستییە سەرەکییەکان؛ هاوکات ستایشی ڕۆڵی مێژوویی و مرۆیی "دەزگای خێرخوازیی بارزانی" کرد لە هاوکاریکردنی بەردەوامی ئاوارەکان لە ناو کەمپەکاندا.
داواکاری لە بەغدا و ڕێککەوتنی شنگال
ڕێبەر ئەحمەد داوای لە حکوومەتی نوێی عێراق کرد کە بە تەواوی پابەندی بەڵێنەکانی بێت و بودجەی پێویست بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەی ئاوارەکان تەرخان بکات. هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئاستی هاوکارییەکانیان کەم نەکەنەوە، بەڵکو وەبەرهێنان لە بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئاوارەکاندا بکەن، چونکە ئەرکی مرۆیی دەبێت هاوبەش بێت و تەنیا لەسەر شانی کۆمەڵگەی خانەخوێ (هەرێمی کوردستان) نەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ تیشکی خستە سەر کارەساتی مرۆیی شنگال و ڕایگەیاند: "دوای چەندین ساڵ لە جینۆسایدی خوشک و برایانی ئێزیدی، هێشتا ڕێککەوتنی شنگال وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە."
جەختی کردەوە کە پێویستە ئاوارەکان بە شکۆمەندی و سەلامەتییەوە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئاسایش، ئارامی و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە بۆ ناوچەکانیان دابین بکرێت. دووپاتیشی کردەوە کە دەرگاکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای ئارامی و سەلامەتیدا دەگەڕێن.