هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دوو حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە شاری هەولێر تۆمارکراون و تووشبووەکان لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی 6ـی 2026، تەندروستیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوو تووشبووەکە باوک و کوڕێکی تەمەن 71 ساڵ و 29 ساڵن و دانیشتووی گەڕەکێکی شاری هەولێرن. بەپێی بەدواداچوونە پزیشکییەکان، هۆکاری تووشبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵدا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا و بەرکەوتنیان بە ئاژەڵی تووشبوو و دەرهاویشتەکانی.
ئێستا هەردوو تووشبوو لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەری پزیشکی وەردەگرن، کە باری تەندروستیی یەکێکیان تا ڕادەیەک جێگیرە و ئەوی دیکەیان ناجێگیرە.
تەندروستیی هەولێر جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون کردەوە و داوای لە هاووڵاتییان کرد بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان و کۆمەڵگە، پابەندی تەواوی ڕێنماییەکان بن.