هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە شێوەیەکی فەرمی و دیجیتاڵی "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد"یان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران واژۆ کرد، هاوژەمەن جەی دی ڤانسیش ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە ناوچەکە دەکشێننەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 19ـی 6ـی 2026 ، دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان لێکتێگەیشتنێکی مێژووییان واژۆ کردووە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە سەرجەم گرژی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) لە لایەک و (کۆماری ئیسلامیی ئێران) لە لایەکەی دیکە، کە تێیدا هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەک لە سەرجەم بەرەکاندا دەربڕیوە.
لەم چوارچێوەیەدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کشانەوەی هێزە سەربازییە زیادەکان و گەڕانەوەی ناوچەکە بۆ دۆخی ئاسایی پێش هەڵگیرسانی جەنگ، لە ناوەڕۆک و کارنامەی سەرەکیی ڕێککەوتنەکەدایە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە لە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکەدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوژەمەن لەگەڵ ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ هەینی بە میوانداریی فەرمیی دەوڵەتی پاکستان و بە پشتیوانیی سیاسیی قەتەر، ڕێوڕەسمێکی فەرمی لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی دەستپێکردنی فەرمیی گفتوگۆ و وتووێژە تەکنیکییەکانی نێوان تیمی دانوستانکاری واشنتن و تاران. بەپێی بەندەکانی یاداشتەکە، ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتوون کە مۆڵەتی ٦٠ ڕۆژ دیاری بکەن بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێکی گشتگیر و کۆتایی بۆ سەرجەم کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان.