هەرێم نیوز
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرجەم گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەر و کەناراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگیراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی 6ـی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی سەرۆک، گەمارۆی لەسەر سەرجەم هاتوچۆی دەریایی چوون و هاتن بۆ بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران هەڵگرتووە و چیدیکە ڕێگری لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان ناکات لە کەنداوی عەرەبی (کەنداوی فارس) و کەنداوی عومان.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم هەوڵ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا دژ بە تاران ڕاگیراون، بەڵام کەشتییە جەنگییە گەورەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی ناوچەکەدا دەمێننەوە، بە مەبەستی چاودێریکردنی دۆخەکە و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون و جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەردوولا.