دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ماوەی شەش رۆژدا؛ هەشت کەس لە هەرێمی کوردستان خنکاون

هەرێم نیوز

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دەستپێکی وەرزی هاوین، ڕووداوەکانی خنکانی لە چەم و بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، بە جۆرێک تەنیا لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، ژمارەی قوربانییان گەیشتە هەشت کەس.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی 6ـی 2026، دوای گەڕانێکی چڕ، تیمەکانی بەرگریی شارستانی تەرمی دوو هاووڵاتییان لە دەربەندی گۆمەسپان و سەرچاوەی زەڵم دۆزییەوە. 

بەپێی بەدواداچوونەکان، یەکێک لە تەرمەکان هی گەنجێکە بەناوی توانا نەجم مەجید کە ڕۆژی 13ـی 6ـی 2026 لە بەنداوی گۆمەسپان خنکابوو، تەرمەکەی دیکەش هی کچێکی تەمەن 11 ساڵانە کە دوای نۆ ڕۆژ لە گەڕانی بەردەوامی تیمەکانی مەلەوانی هەڵەبجە و سۆران، ئەمڕۆ لە سەرچاوەی زەڵم دۆزرایەوە.

بەپێی ئامارەکان، زنجیرەی ڕووداوەکانی خنکان لە 10ـی 6ـی 2026ـەوە دەستی پێ کردووە، کاتێک لە گوندی ساڵح ئاغای سەربە قۆرەتوو، مێرمنداڵێک بەناوی هێمن ئیسماعیل خنکا، هەمان ڕۆژ لە بەنداوی خانکێی دهۆکیش تەرمی مێرمنداڵێکی دیکە دۆزرایەوە.

 پاشان لە 12ـی 6ـی 2026، پیاوێکی تەمەن 62 ساڵ لە زێی بچووک و ژنێکی تەمەن 28 ساڵ لە گوندی وەردەک خنکان.

 هەروەها لە 13ـی 6ـی 2026، دوو گەنج لە بەنداوی گۆمەسپان خنکان و لە 15ـی 6ـی 2026ـیش تەرمی هاووڵاتییەکی دیکەی عەرەب لە سەیرانگەی بۆگد لە کۆیە دۆزرایەوە.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە کاتی سەردانیکردنی سەیرانگە و شوێنە ئاوییەکان، پابەندی ڕێنماییەکان بن و لە شوێنە قووڵ و مەترسیدارەکاندا مەلە نەکەن، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە بۆ مەلەکردن دیاری نەکراون و مەترسیی ڕوودانی خنکانیان لێ دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP