دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سیستەمێکی نوێی پرۆژەی ڕووناکی دەخرێتە کار

هەرێم نیوز

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی قۆناغێکی نوێی لە چاکسازییەکانی کەرتی وزە و فراوانکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی "ڕووناکی" ڕاگەیاند؛ لەم چوارچێوەیەدا سیستمی نوێی دیجیتاڵی لە پێنج ناوچەی نوێی هەرێمی کوردستان کارا کرا، کە نزیکەی ٢٨٠ هەزار هاوبەشی کارەبا لەم خزمەتگوزارییە نوێیە سوودمەند دەبن.

ئاسانکاری لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و کاراکردنی (ئی-پسوولە)
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی کارەبا، سیستمی نوێی دیجیتاڵیی وەزارەت لە هۆبەکانی فرۆشیاری وزەی هەریەکە لە گەرمیان، دەربەندیخان، دووکان، چەمچەماڵ و سەیدسادق بە فەرمی دەستبەکاربوو. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، یەکخستنی تەواوی هۆبەکانی فرۆشیاری وزەیە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر خێراکردن و ئاسانکاریی تەواو لە ڕاییکردنی مامەڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتیان.

وەزارەتی کارەبا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لەمەودوا پڕۆسەی پسوولەکردن و پارەدان لە ڕێگەی سەکۆی پارەدانی دیجیتاڵییەوە دەبێت کە بە (ئی-پسوولە) دەناسرێت، ئەمەش جەنجاڵی کەم دەکاتەوە و پڕۆسەکە بە شێوازێکی خێراتر و مۆدێرنتر بەڕێوە دەبات.

فراوانبوونی پڕۆژەکە و ئامانجی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦
ئەم هەنگاوە گرنگە دوای ئەوە دێت کە پێشووتر هەمان سیستمی دیجیتاڵی لە هۆبەکانی فرۆشیاری وزەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، کۆیە و خەبات بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا، کە کورتکراوەیەک مۆدێرنە لە چاکسازییەکانی پڕۆژەی "ڕووناکی".

پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، و دواتر لە ١٤ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٥ لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمەوە بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی درا؛ ئامانجی سەرەکی و کۆتایی پڕۆژەکەش بریتییە لە گەیاندنی کارەبای نیشتمانیی ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP