دواین هەواڵ

جیهان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

واشنتن سزای نوێی بەسەر کۆمپانیا و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێراندا سەپاند

هەرێم نیوز

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا گەڕێکی نوێی سزاکانی بەسەر چەندین کەسایەتی، کۆمپانیا و کەشتیی نەوتهەڵگری پێوەست بە ئێراندا سەپاند، کە بە گوتەی واشنتن کار بۆ گواستنەوەی نەوت و بازرگانیی نایاسایی دەکەن.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هاوڵاتییەکی هیندی و 17 کۆمپانیا کە بارەگاکانیان لە وڵاتانی جیاوازی وەک ئیمارات، قەتەر، هیندستان، سەنگاپوورە، هۆنگ کۆنگ و دوورگەکانی مارشاڵە، خراونەتە لیستی ڕەشی سزاکانی ئەمریکاوە.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم کۆمپانیایانە پێوەندییان بە تۆڕەکانی سەر بە ئێران و کۆمپانیای "سپهر ئینێرژی جهان‌نما پارس"ـەوە هەبووە کە لە بواری نەوت و پێترۆکیمیاویدا کار دەکات و پێشتریش سزای بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوكات هەشت کەشتیی نەوتهەڵگر و گواستنەوەی دەریایی کە ئاڵای وڵاتانی وەک پەنەما، دوورگەکانی مارشاڵ، کامیرۆن و سان مارینۆیان پێوە بووە، ڕووبەڕووی سزای نوێی واشنتن بوونەتەوە.

سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارەش، ئیدارەی واشنتن ڕایگەیاندووە، کە ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی "فشاری زۆرینە"ـدا دێت، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی گواستنەوەی نەوت، بازرگانیی دەریایی و ئەو میکانیزمانەی کە تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا بەکاریان دەهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP