هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕادەگەیەنێت، کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە نێوان تاران و واشنتندا بەردەوامە، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لە نێوان هەردوولادا نەکراوە، هاوكات پێشوازی لە لادانی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا دەکات.
ئەمڕۆ هەینی، 29ـی 5ـی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی فەرمیدا وەک وەڵامێک بۆ مەرجەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لایەنە ڕۆژئاواییەکان ناتوانن زمانی فەرزکردن یان "دەبێت" بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاربهێنن، چونکە وڵاتەکەی 47 ساڵ لەمەوبەر ماڵاوایی لەو زمانە کردووە و تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و مافەکانی گەلی ئێران بڕیار دەدەن.
سەبارەت بە ڕاگەیاندنی لادانی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکاش، بەقایی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوەی ئەمریکییەکان وەک گەمارۆی دەریایی ناوی دەبەن، لە سەرەتاوە کارێکی نایاسایی بوو، چونکە هەم پێشێلکردنی ئاگربەست بوو و هەم تێکدانی ئازادیی دەریاوانیی نێودەوڵەتی بوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێویستە لە کردەوەدا ببینن ئایا واشنتن پابەندی ئەم بڕیارە دەبێت یان تەنیا بانگەشەیەکی ڕیکلامییە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕوونی کردووەتەوە، ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکە لابدات، لە ڕاستیدا تەنیا ڕاگرتنی کارێکی نادروستە کە لە چەند هەفتەی ڕابردووەوە دەستی پێکردبوو، چونکە لە بنەڕەتدا نەدەبوو دەست بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە ببرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئیسماعیل بەقایی ستراتیژیی ئێستای تارانی ئاشكرا کردووە و جەختی کردووەتەوە، کە لەم قۆناغەدا تەرکیزی سەرەکیی ئەوان تەنیا لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگە لە ناوچەکەدا، و لە ئێستادا هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک دەربارەی وردەکارییەکانی پرسی ئەتۆمی لە ئارادا نییە.