دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ لە کۆبوونەوەی ژووری قەیرانەکاندا بڕیاری کۆتایی لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ تاران دەدات

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکی نوێدا مەرجەکانی واشنتن بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران ئاشكرا دەکات، کە کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز، پاککردنەوەی مینە دەریاییەکان و لەناوبردنی ماددە پیتێنراوەکانی ژێر زەوی لەخۆدەگرێت.

ئەمڕۆ هەینی، 29ـی 5ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترو سۆشاڵ"ـەوە ڕایگەیاند، دەبێت ئێران ڕازی بێت کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی یان بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێویستە گەرووی هورمز دەستبەجێ بۆ هاتوچۆی بێبەربەستی کەشتیوانی لە هەردوو ئاڕاستەوە بکرێتەوە و هیچ باج و سەرانەیەک وەرنەگیرێت.

ترەمپ ڕوونی کردووەتەوە، سەرجەم مینە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز لەناودەبرێن، و بەهۆی ئەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا پێشتر بەشێکی زۆری ئەو مینانەیان تەقاندووەتەوە، پێویستە ئێران پڕۆسەی لادان یان تەقاندنەوەی ئەو مینانەی کە ماونەتەوە دەستبەجێ کۆتایی پێ بهێنێت. 

 هاوكات ڕایگەیاندووە کە گەمارۆ دەریاییە بێپێشینەکەی ئەمریکا لەسەر گەرووەکە لادەبرێت و ئەو کەشتیانەی گیریان خواردووە دەتوانن بگەڕێنەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، ئەو ماددە پیتێنراوانەی کە بە "تۆزی ئەتۆمی" ناوی بردوون و لە قووڵایی زەویدا لەژێر پاشماوەی ئەو چیایانەدا کەوتوون کە 11 مانگ لەمەوبەر بەهۆی هێرشی فڕۆکە بۆردومانکەرەکانی B2ـی ئەمریکاوە داڕمان، لە لایەن ئەمریکاوە لەژێر زەوی دەردەهێنرێن، چونکە بە وتەی ئەو تەنیا ئەمریکا و چین ئەو توانایە میکانیکییەیان هەیە، پڕۆسەکەش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەڕێوەدەچێت و ماددەکان لەناو دەبرێن.

لە کۆتاییدا ترەمپ جەختی کردووەتەوە، کە تاوەکو ئاگاداریی دواتر چەند بڕە پارەیەک ئاڵوگۆڕ ناکرێت و لەسەر چەند خاڵێکی دیکەی کەمبایەختریش ڕێککەوتوون، هاوكات ڕایگەیاندووە کە ئێستا لە ژووری کۆبوونەوەی قەیرانەکان (Situation Room) ئامادە دەبێت بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم دۆسیەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP