هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، سەرقاڵی فرۆشتنی یارییە ئاگرینە قەدەغەکراوەکان (تراقە) بووە بە منداڵان و بووەتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٧ی ئایاری ٢٠٢٦) کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، هێزەکانیان لە بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی ڕاپەڕین توانیویانە تۆمەتبارێک بە ناو نیشانی کورتکراوەی (د، ق، ح) دەستگیر بکەن. تۆمەتبارەکە لە ڕەگەزی نێرە و تەمەنی لە سەرووی ١٨ ساڵییەوەیە و پیشەی کاسبە، کە لە ناو گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری ڕانیەدا ئۆتۆمبێلی بۆ گەڕان و فرۆشتنی تراقە بەکارهێناوە.
پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کردووە کە "تراقە" و ئەو جۆرە تەقەمەنییانە کە منداڵان لە ڕۆژانی جەژندا بەکاری دەهێنن، بەهۆی دروستکردنی دەنگی بەرز و ناخۆش، دەبنە هۆی تێکدانی ئارامیی گشتی و بێزارکردنی کۆمەڵگە، لەبەر ئەوە مامەڵەکردن پێیانەوە قەدەغەیە.
دوای دەستگیرکردنی، دەستبەجێ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ تۆمەتبار کراوەتەوە و بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی (٢٤٠) لە یاسای سزادانی عێراقی، هاوکات دەستیش بەسەر تەواوی تراقەکان و ئەو ئۆتۆمبێلەدا گیراوە کە بۆ فرۆشتنیان بەکارهێنراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا دڵنیایی دەداتە تەواوی دانیشتووانی دەڤەرەکە و ڕادەگەیەنێت: "سەرەڕای ڕۆژانی جەژن و بۆنەکان، هێزەکانمان وەک هەمیشە بە چاوکراوەیی و لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودان، تاوەکو ڕێگری لە هەر دیاردەیەکی نەخوازراو بکەن و هەمووان بە خۆشی و شادی کاتەکانیان بەسەر بەرن."