هەرێم نیوز
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی هۆشداریی توند دەدەنە هاووڵاتییان و قەسسابەکان لەبارەی ئەنجامدانی قوربانی بە شێوازی هەڕەمەکی و ناتەندروست، و ڕایدەگەیەنن کە لە پێناو پاراستنی تەندروستیی گشتیدا، ڕێگە بە هیچ جۆرە پێشێلکارییەک نادرێت.
لیژنەکان بۆ هاووڵاتییان: خێرەکەتان مەکەنە سەرچاوەی نەخۆشی
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ڕایگەیاند: "لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانەوە سەرجەم هێز و لیژنەکانمان لە ئەرکێکی چڕدا دەبن بۆ چاودێریکردنی چۆنێتیی پڕۆسەی قوربانیکردن. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، لە کاتێکدا کە ئەوان کارێکی خێر و مرۆیی ئەنجام دەدەن، پێویستە ئاگادار بن و ڕێگە نەدەن لە شوێنی پیس، سەر شەقامەکان و ژینگەی ناتەندروستدا ئاژەڵەکانیان بۆ سەرببڕدرێت."
سەرۆکی لیژنەکان وتیشی: "پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگە لە پێشینەی کارەکانمانە، چونکە سەربڕینی ئاژەڵ بەبێ پشکنینی پزیشکی لە دەرەوەی قەسابخانەکان، مەترسیی یەکجار گەورە لەسەر ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییان دروست دەکات و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان."
قائیمقامیەتی سلێمانی جەخت دەکاتەوە کە لەم پڕۆسەیەدا بە تەنها نین و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لەسەر هێڵن. بابان ئەحمەد هۆشداریی دا کە هەر ئاژەڵفرۆشێک، خاوەن مەیدانێک یان قەسسابێک لە دەرەوەی ئەو قەسابخانە فەرمییانەی کە لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ڕێگەیان پێدراوە، ئاژەڵ سەرببڕێت، دەستبەجێ ڕێکاری یاسایی توندی لە دژ دەگیرێتە بەر.
لیژنە هاوبەشەکان دڵنیایی دەدەنە دانیشتووانی سلێمانی کە بە چڕی چاودێریی بازاڕ و گەڕەکەکان دەکەن و بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادەن گۆشت و ئاژەڵی پشکێندراو و ناتەندروست بچێتە ناو ماڵەکانەوە.