دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی دوای جەژن قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتی دەستپێدەکات

هەرێم نیوز

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ جێبەجێکردنی پەیام و دەستپێشخەرییەکەی بارزانی، دوای پشووەکانی جەژنی قوربان پارتی ئامادەکاریی تەواو دەکات بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکان و ڕێکخستنی کۆبوونەوەی لووتکە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

پشتیوان سادق، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٧ی ئایاری ٢٠٢٦) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پەیامە نیشتمانییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ئێستادا پێویستی بە کرداری ڕاستەقینە هەیە. ئێمە وەک پارتی هەموو ئامادەکارییەکی پێویستمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە مێژووییە وەرگێڕینە سەر هەنگاوی کردەیی و بە تەواوی جێبەجێی بکەین."

پشتیوان سادق، کە هاوکات وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری کۆتایی دراوە کە دەستبەجێ دوای پشووەکانی جەژنی قوربان، هەنگاوی جددی و خێرا بنرێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، بەتایبەتی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە مەبەستی ڕەواندنەوەی گرژییەکان.

جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بەردەوامە و گوتی: "هەندێک گرفتی بچووک لە نێوانماندا هەن، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنیان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کوردستاندا."

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، پشتیوان سادق تیشکی خستە سەر سەردانی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و بە "سەرکەوتوو" وەسفی کرد.

ناوبراو ڕایگەیاند، لە بەغدا گفتوگۆی زۆر ئەرێنی لەسەر پرسە دەستووری و داراییە گرنگەکانی وەک شایستە داراییەکان و بودجە، کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ماددەی ١٤٠) و پرسی هێزەکانی پێشمەرگە کراوە؛ هیوایشی خواست کە حکومەتی فیدراڵ پابەندی تەواوی ئەو ڕێککەوتنانە بێت کە کابینەکەی لەسەر بنەمای ئەوان پێکهێنراوە.

ئەم ئامادەکارییە چڕانەی پارتی دوای ئەوە دێت، کە بارزانی دوێنێ سێشەممە لە پەیامێکی گرنگدا بەبۆنەی یادی شۆڕشی گوڵان و هاتنی جەژنەوە، داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد کۆتایی بە ململانێ بێئەنجام و خۆخۆرییەکان بهێنن. بارزانی داوای کردبوو کە دوای جەژن هەموو لایەک بە هەستی بەرز و نیشتمانیی بەرپرسیارێتییەوە کۆببنەوە، بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی چەقبەستوویی سیاسی و پاراستنی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP