هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی گرنگی سەبارەت بە شێوازی بەکارهێنانی مۆڵەتی نوێی شۆفێری لە دەرەوەی وڵات بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە مۆڵەتە نوێیەکە بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دروستکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ـی ئایاری ٢٠٢٦، ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ لە پێناو کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان، ناوەڕۆکی بڕیارەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە لە دوو خاڵی سەرەکیدا کورت کردووەتەوە:
یەکەم: ئەو شۆفێرانەی کە هەڵگری مۆڵەتی نوێی شۆفێریی خۆجێین (ناوخۆیی)، دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن بەبێ ئەوەی پێویست بکات مۆڵەتەکەیان بگۆڕن بۆ مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی.
دووەم: ئەو کەسانەی کە هەڵگری مۆڵەتی نوێی شۆفێریی خۆجێین بەڵام بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت ناکەن، ئەگەر لەو وڵاتەی گەشتیان بۆ کردووە بیانهەوێت ئۆتۆمبێل بەکرێ بگرن و شۆفێری بکەن، ئەوا هێشتا پێویستە مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی دەربهێنن.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردووەتەوە کە بەهۆی ڕەچاوکردنی ستانداردی جیهانی لە سیستەمی نوێی مۆڵەتدا، ئێستا لە زۆربەی وڵاتان دان بە مۆڵەتی هەرێمی کوردستاندا دەنرێت و ئەمەش بارگرانیی سەر شانی گەشتیاران کەم دەکاتەوە.