دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەولێر تۆمەتەکانی سوپای پاسداران ڕەت دەکاتەوە: ڕێگە بە تێپەڕاندنی چەک بۆ ناو ئێران نادەین

هەرێم نیوز

بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕەت کردەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن هەرێمی کوردستان ڕێگەی بە تێپەڕاندنی باری چەکی ئەمریکی دابێت بۆ پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران.

ئەمڕۆ سێشەممە (١٩ی ئایاری ٢٠٢٦)، بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ڕایگەیاند: "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تێپەڕاندنی باری چەک یان هەر کەرەستەیەکی قاچاغی دیکە بۆ ناو خاکی ئێران نادەن؛ چونکە ئەم کارە پێش هەموو شتێک مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی ململانێ و گرژی ببین."

هاوکات، ئەو بەرپرسە ئەمنییە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پرۆسەی قاچاغچێتی بە تەواوی بەدوور نازانرێت، بەڵام ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە ڕووی دابێت، ئەوا لەلایەن گرووپە نەناسراوەکانی بازرگانیکردن بە چەک و دوور لە چاوی دەسەڵاتداران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.

ئەم ڕەتکردنەوە توندەی هەولێر دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دووشەممە (١٨ی ئایار)، فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە "گرووپە چەکدارەکان" لە هەرێمی کوردستان هەوڵیانداوە بارێکی گەورەی سەربازی و چەک لە سنووری پارێزگای کوردستانی ئێرانەوە بە قاچاغ ببەنە ناو ئەو وڵاتە؛ سوپای پاسداران جەختی لەوەش کردبووەوە کە هێزەکانیان توانیویانە دەست بەسەر تەواوی ئەو چەک و تەقەمەنییانەدا بگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP