هەرێم نیوز
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد و داوای لێ کرد پارێزگاری لە سەروەریی وڵات بکات و بەتەواوی ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی 5ـی 2026، سەرباری ئەوەی بەتەواوی پرۆسەی سیاسیی بایکۆت کردووە، موقتەدا سەدر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد.
لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەدر وێڕای پیرۆزبایی، داوای لە زەیدی کردووە کە پارێزگاری لە سەروەریی عێراق بکات، دۆخی خزمەتگوزارییەکان باشتر بکات و هەنگاوی جددی بنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا و بەر لەوەی سەرۆکوەزیرانی نوێ بە فەرمی دەستبەکار بێت، سەدر داوای لێ کردووە ئەو لایەنانەی خاوەنی باڵی چەکدارین لە پێکهاتەی حکومەت دوور بخاتەوە.
ئەم هەڵوێستەی سەدریش بەتەواوی یەکدەگرێتەوە لەگەڵ داواکارییەکانی ئەمریکا، کە جەخت لەوە دەکاتەوە نابێت گرووپە چەکدارەکان بەشدار بن لە پێکهێنانی حکومەتدا.
سەبارەت بە چارەنووسی گرووپە چەکدارەکانیش، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم زەیدی و داوای لێ کردووە هەموو گرووپە چەکدارەکان بکات بە (سەربازی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان) لەژێر دەسەڵات و سەرپەرشتیی دەستەی حەج و عومرە، یانیش بیانکات بە پێکهاتەیەکی مەدەنی بۆ کاری فریاگوزاریی مرۆیی.
سەدر بەڵێنی ئەوەشی داوە، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی نوێ ئەم کارە بکات، ئەوا خۆی دەستپێشخەر دەبێت و ئامادەیە پێکهاتەی (لیوای یەومی مەوعوود) هەڵبوەشێنێتەوە و هێزەکانی (سەرایا سەلام)ـیش ڕادەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بکات.
جێی باسە، موقتەدا سەدر لە دوایین بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی ٢٠٢١، بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووە براوەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە قووڵەکانی لەگەڵ لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران و ڕێگریکردنیان لە دروستکردنی کابینەی حکومەت لەلایەن ئەوەوە، بڕیاری دا بە یەکجاری لە پەرلەمان و تەواوی پرۆسەی سیاسی بکشێتەوە.