دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

هێمن هەورامی: لە 67 خاڵی بەرنامەی حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێم، تەنیا 4 خاڵ جێبەجێ کراون

هەرێم نیوز

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشداری لە داڕمانی سیستەمی سیاسیی عێراق دا و ڕایگەیاند، جێبەجێنەکردنی دەستوور و ڕێککەوتنەکان هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکانن، هاوکات ئاشکرای کرد کە لە کۆی ٦٧ خاڵی بەرنامەی حکومەتی سوودانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، تەنیا ٤ خاڵ جێبەجێ کراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی 5ـی 2026، هێمن هەورامی، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەت بە ناونیشانی "دیالۆگی عێراق 2026" ڕایگەیاند، عێراق لە ئێستادا بە قەیرانێکی سیستەماتیکدا تێدەپەڕێت و چیتر پەنابردن بۆ چارەسەری کاتی هیچ سوودێکی نییە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی تیشکی خستە سەر پشتگوێخستنی یاساکان و وتی: "نزیکەی ٥٥ ماددەی دەستووری تاوەکو ئێستا فەرامۆش کراون و جێبەجێ نەکراون." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ٢٠ خاڵە سیاسییەی کە پێشتر لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێککەوتنیان لەسەر کرابوو، تەنیا چەند خاڵێکی کەمیان کاری لەسەر کراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێمن هەورامی ئامارێکی وردی خستە ڕوو و جەختی لەوە کردەوە، کە لە کۆی ٦٧ خاڵی پرۆگرامی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، تەنیا ٤ خاڵیان بەتەواوی جێبەجێ کراون، کە ئەمەش بەو مانایە دێت تەنیا ٥٪ـی ڕێککەوتنەکان چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP