دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی ناوخۆ: قسەکانی کادیرێکی حیزبی لەسەر شاردنەوەی چەکی ئەمریکی هەڵبەستراون

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی توونددا، تەواوی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە هەبوونی چەکی ئەمریکی لە کۆگاکانی وەزارەتەکە لە هەولێر دەکەن، هاوکات ڕایدەگەیەنێت، کە سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵ 8 و میوانەکەی تۆمار دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە، 2ـی 5ـی 2026، وەزارەتی ناوخۆ لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵ 8ـدا، کادیرێکی حیزبی باسی لەوە کردووە گوایە ئەو چەکانەی ئەمریکا کە دراون بە وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆگایەکی وەزارەت لە هەولێر دانراون.

وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە: "ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکاریین و هیچ بنەمایەکیان نییە."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە، هەوڵ دەدەن بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، بەڵام وەزارەت هۆشداری دەدات کە "ڕۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت."

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، کە وەک مافی یاسایی خۆی، سکاڵا لەسەر کەناڵەکە و میوانەکەی تۆمار دەکات و دەبێت لەبەردەم دادگا بەڵگە بۆ ئەو قسانە پێشکەش بکەن، ئەگینا دەبێت باجی بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڵبەستراو بدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP