هەرێم نیوز
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایدەگەیەنێت، کە پرۆسەی گەیشتن بە "تورکیای بێ تیرۆر" بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەو جۆرەی کە پێویستە بەرەوپێش دەچێت، هاوکات جەخت لەسەر برایەتیی هەزار ساڵەی نێوان کورد و تورک دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی 4ـی 2026، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، دەڵێت: "لەم قۆناغە سەختەدا کە ناوچەکەمان پێیدا تێدەپەڕێت، پێویستە جیاوازییەکانی ڕەچەڵەک و مەزهەب وەلا بنێین و بەرگی یەکێتی بپۆشین."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، کە تورکیا دەیەوێت هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە لە کورد، عەرەب، تورکمان و فارس لە باوەش بگرێت و سیستمێکی نوێی ئەمنیی لەسەر بنەمای داهاتووی هاوبەش بنیات بنێت. وتیشی: "کەوتنە داوی ئەوانەی دەیانەوێت نەشتەرگەری لە ناوچەکەماندا ئەنجام بدەن، خیانەت دەبێت بەرامبەر مێژوو و داهاتوومان."
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان کورد و تورک، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "کەس ناتوانێت برایەتیی هەزار ساڵەی نێوانمان تێکبدات. وەک چۆن گۆشت و نینۆک لە یەک جیانابنەوە، کەس ناتوانێت بکەوێتە نێوانمان و لە یەکمان جیابکاتەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەردۆغان وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە گومانیان لە پرۆسەی ئاشتی هەیە و وتی: "ئەوانەی سیناریۆی ڕەشبینانە دەنووسن، بە وەهمەکانیان کار دەکەن نەک ڕاستییەکان. کەشێکی ئەرێنی هەیە و ئەو کارانەی پێویستە بکرێن دیارن؛ پرۆسەکە بەو شێوەیەی پێویستە بەرەوپێش دەچێت."
ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، کە پێشتر لایەنە کوردییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوای هەنگاوی کردەیی و یاساییان لە حکوومەتی ئەنقەرە کردبوو بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی.