هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (ڕووناکی)دا، بڕی ٣.٢ ملیار دینار وەک داشکاندن بۆ هاوبەشانی ماڵان گەڕێندراوەتەوە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە ئێستا زیاتر لە ٨٥٪ـی هاووڵاتیان خاوەنی کارەبای بەردەوامن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی 4ـی 2026، وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە، کە بڕی داشکاندنی پسوولەکانی مانگی سێ بۆ هاوبەشانی ماڵان گەڕێندراوەتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیاری داشکاندنی ٢٠٪ لە کاتی پارەدان بە شێوازی (ئی-پسوولە).
بەپێی داتاکانی وەزارەت، ١٣٣ هەزار هاوبەش لەم داشکاندنە سوودمەند بوون و تێکڕای بڕی پارەی گەڕێندراوە بۆ هەر ماڵێک ٢٤ هەزار دینار بووە. جێگەی سەرنجە کە ٢٠ هەزار و ٦٠٠ هاوبەش بەهۆی ئەم داشکاندنەوە، پسوولەی مانگی سێیان بووەتە ٠ دینار.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، کە تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٥.٥ ملیۆن هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە. بەپێی نرخە نوێیەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، ٨٠٪ـی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی خەرجیان دەکرد.
پڕۆژەی ڕووناکی کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، ئامانجی ئەوەیە تاوەکوو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ تەواوی ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان ببێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.