دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ستراتیژێکی نوێ بۆ پاڵپشتیی پێشمەرگە ڕاگەیەندرا

هەرێم نیوز

وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەکان و هەماهەنگییە ئەمنییەکان، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ پییچا، فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و سێ پڕۆژەی نوێی ئەو وڵاتە بۆ پاڵپشتیی پێشمەرگە ئاشکرا کران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی 4ـی 2026، وەزیری پێشمەرگە لە کۆبوونەوەیەکدا کە عەبدولخالق بابیر، بریکاری وەزارەت ئامادەی بوو، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە فەرماندە نوێیەکەی ئەڵمانیا کرد. لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە و ستراتیژی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا.

وەزیری پێشمەرگە جەختی لەسەر گرنگیی پرۆسەی ڕیفۆرمی سەربازی کردەوە و ڕایگەیاند: "سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی گەل و حکوومەت و هێزەکانی ئەڵمانیا دەکەین کە هاوکارمان بوون بۆ بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو."

لە لایەکی دیکەوە، کۆڵۆنێڵ پییچا ئاشکرای کرد کە سوپای ئەڵمانیا کار لەسەر سێ پڕۆژەی ستراتیژی بۆ پێشمەرگە دەکات، کە بریتین لە: مەشق و ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی چەکی دیجیتاڵی و تەکنەلۆژیای سەربازیی هاوچەرخ، دابینکردنی پارچەی یەدەگی پێویست بۆ ئۆتۆمبێلە سەربازییە ئەڵمانییەکان، و دابینکردنی کەرەستەی پزیشکیی پێشکەوتوو بۆ بەشە پزیشکییە سەربازییەکان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکان و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانی هێزی پێشمەرگە بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP