هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران کۆبووەوە و جەختی لە پێویستیی خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی 4ـی 2026، مەسرور بارزانی، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیوادارن کابینەی نوێی فیدراڵ ببێتە مایەی سەقامگیریی لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیار بوون لە زووترین کاتدا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت و داوا دەکات چیتر ئەو پرۆسەیە دوا نەکەوێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی سوپاسی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی کرد بۆ ڕۆڵیان لە پەرەپێدانی ئابووریی کوردستان. هەروەها چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم جموجۆڵی بازرگانی خرانە ڕوو و وەڵامی پرسیار و تێبینییەکانی ئامادەبووان درایەوە.