دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاژانسی ڕۆیتەرز: ئەمریکا هێرشەکانی ڕاگرت و ئێرانیش کۆنترۆڵی بەسەر گەرووی هورمزدا توندتر کرد

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایدەگەیەنێت، کە دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بەسەر دوو کەشتیی دیکەدا گرتووە و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا توندتر کردووە، لە کاتێکدا هیچ ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی 4ـی 2026، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە چارەنووسی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان واشنتن و تاران بە نادیاری ماوەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە ڕایگەیاند کە هێرشەکان ڕادەگرن تاوەکوو تاوتوێی پێشنیازێکی ئێران دەکەن لە دانوستانەکانی ئاشتیدا.

لە بەرامبەردا، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و گەورە دانوستانکاری ئێران ڕایگەیاند، کە ئاگربەستی گشتگیر تەنیا لە کاتێکدا واتای دەبێت کە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی هەڵبوەشێنرێنەوە، و کردنەوەی گەرووی هورمزیشی بە مەحاڵ ناو برد لەگەڵ بوونی ئەو "پێشێلکارییە ئاشکرایە"دا. قالیباف لە پەیامێکیشدا بۆ ئەمریکا وتی: "بە دەستدرێژیی سەربازی ئامانجەکانتان نەپێکایە و بە ملشکاندنیش بەدەستیان ناهێنن؛ تەنیا ڕێگەش داننانە بە مافەکانی گەلی ئێراندا."

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێزەکانی سوپای پاسداران دەستیان بەسەر هەردوو کەشتیی (ئەپامینۆنداس) بە ئاڵای لیبێریا و (ئێم ئێس سی فرانچێسکا) بە ئاڵای پەنەما گرتووە، بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت و دەستکاریکردنی سیستەمی ڕێدۆزییەکانیان، هاوکات تەقە لە کەشتییەکی سێیەمیش کراوە بەڵام سەلامەت بووە.

لەم بارەیەوە، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی بە سەرچاوە میدیاییەکانی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، کە بەهۆی ئەوەی کەشتییەکان ئەمریکی یان ئیسرائیلی نین، دەستبەسەرداگرتنیان پێشێلکردنی ئاگربەست نییە، بەڵکوو کردەوەیەکە دەچێتە چوارچێوەی "چەتەیی دەریایی".

لە لایەکی دیکەشەوە، سوپای ئەمریکا زیاتر لە ٣٠ کەشتیی ئاراستە کردووەتەوە یان ناچاری کردوون بگەڕێنەوە بەندەرەکان، وەک بەشێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران، هاوکات لە ئاوەکانی ئاسیاش (هیندستان، مالیزیا و سریلانکا) ڕێگرییان لە سێ تانکەری ئێرانی کردووە. ئەم گرژییانەش وایان کردووە کە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی ئاسیادا بەرز ببێتەوە بۆ سەروو ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

سەبارەت بە هەوڵەکانی ئاشتی، سەرۆکی ئەمریکا هیچ وادەیەکی نوێی بۆ دانوستانەکان دیاری نەکردووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە لەسەر داوای نێوەندگیرە پاکستانییەکان هێرشەکانیان ڕاگرتووە تاوەکوو شاندی ئێران پێشنیازێکی یەکگرتوو دەخەنە ڕوو. ترەمپ داوای دەستبەرداربوونی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات، لە کاتێکدا تارانیش داوای هەڵگرتنی سزاکان، قەرەبووی زیانەکان و داننان بە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکات.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پرسی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی وەک مەرجێک بۆ دانوستانەکان داناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر لوبنان، پێنج کەس کوژراون کە یەکێکیان ڕۆژنامەنووسێکی لوبنانییە بە ناوی (ئەمەل خەلیل). هەروەها میدیا ناوخۆییەکانی ئێران ئاشکرایان کردووە، کە تاران کەسێکی بە تۆمەتی پەیوەندی هەبوون لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لەسێدارە داوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP