دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وێرانبوونی ئابووریی ئێران لە 45 ڕۆژدا؛ ئامارە ترسناکەکانی دوای جەنگ

شیکاری: میعاد مەلەکی (لە تۆڕی X)

▪️ سڕینەوەی سەرچاوەی دراوی قورس: پێش جەنگ، ئێران ساڵانە نزیکەی ٤٥.٧ ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستدەکەوت. نەوت و غاز پێکەوە ٦٥ بۆ ٧٥٪ی کۆی داهاتی هەناردەی ئێران و نزیکەی ٢٥٪ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) پێکدەهێنن. لەدەستدانی نەوت و سەپاندنی گەمارۆکە، هەناردەی پترۆکیمیاویشی بڕیوە (کە ساڵانە ١٣ بۆ ١٧ ملیار دۆلار بوو و ئێستا ٨٥٪ی لەکار کەوتووە)، لەگەڵ سەرجەم هەناردەکانی تری کەنداو. لێرەدا تەنها باس لە زیانی ١٠٪ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ناکەین، بەڵکو ئەمە سڕینەوەی تەواوەتیی سەرچاوەی دراوی قورسە لە یەک کاتدا.

▪️ لەناوچوونی پیشەسازی بە خێراییەکی مێژوویی: ٧٠٪ی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵا خاپوور بووە. ٨٥٪ی توانای هەناردەکردنی پترۆکیمیاوی لەکار کەوتووە، کە تەنها لە 'ماهشەهر' بڕی ٣٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی کەڵەکەبوو بووە بە سفر. ئەمە تەنها کورتھێنانی داهات نییە، بەڵکو پرۆسەی لەناوبردنی پیشەسازییە (Deindustrialization) بە خێراییەک کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە وێنەی نەبینراوە. کۆی زیانە ڕاستەوخۆکان تەنها لە ماوەی ٤٥ ڕۆژدا گەیشتووەتە ١٢٢ بۆ ٢٠٨ ملیار دۆلار، واتە لەناوچوونی ٣٨ بۆ ٤٨٪ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی پێش جەنگ.

▪️ داڕمانی ئاسایشی خۆراک: بۆ ماوەی ٤٧ ساڵ، ڕژێم ئامادە نەبوو هیچ وەبەرهێنانێکی ستراتیژی لە خۆشگوزەرانیی ئێرانییەکاندا بکات. ئەمڕۆ ٥٨٪ی هاوردەی کاڵا بنەڕەتییەکانی ئێران تەنها لە یەک بەندەرەوە تێدەپەڕێت؛ بەندەری ئیمام خومەینی، کە مانەوەی بەندە بە کراوەیی گەرووی هورمزەوە. ئێران زیاتر لە ٥٦٪ی گەنمەشامییەکەی هاوردە دەکات. هەمان ئەو خاڵە ستراتیژییەی کە ئێران بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی تر دایخست، ئێستا دابینکردنی خۆراکی خۆی لەسەری وەستاوە.

▪️ خنکاندنی دارایی سوپای پاسداران: سوپای پاسداران (IRGC) لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی ڕەشدا خۆی پارەدار دەکات. داهاتی خاوی دوورگەی خارگ، کە ساڵانە بە نزیکەی ٧٨ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بزوێنەری سەرەکیی دارایی سوپای پاسدارانە. کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران (NIOC) تەنها ١٤.٥٪ی داهاتی هەناردەکردن دەهێڵێتەوە، و نزیکەی سێیەکی داهاتەکە دەخرێتە سەر حیسابی سوپای پاسداران. ئەم گەمارۆیە توانای دەزگا ئەمنییەکانی بۆ پێدانی مووچەی هێزەکانی خۆی خنکاندووە. کاتێک هێزە ئەمنییەکان مووچە وەرناگرن، هاوکێشەی دڵسۆزی زۆر بەخێرایی دەگۆڕێت.

▪️ کاتژمێرەکە هێشتا دەڕوات: ئێران لە کاتێکدا چووە ناو ئەم ململانێیەوە کە دراوەکەی لە داڕماندا بوو، بانکەکانی مایەپووچ بوون، پیشەسازییەکەی وێران بوو، جێگرەوەی هاوردەی خۆراکی نەبوو، وە بودجەی داراییەکەی پشتی بەو داهاتە نەوتییە دەبەست کە ئێستا بەهۆی گەمارۆکەوە بووەتە سفر. "١٠٪ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی" تەنها بەرزترین ئاستە کە ئێران لە نەوت لەدەستی دەدات، بەڵام نزمترین ئاستی کۆی زیانەکان پێشوەختە گەیشتووەتە ٣٨٪ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی، وە کاتژمێرەکەش هێشتا نەوەستاوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP