هەرێم نیوز
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە سکاڵایەکی سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوونی لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتکردووەتەوە، کە تایبەت بوو بە نادروستناساندنی ڕێکارەکانی هەرێم بۆ هەناردەکردنی نەوت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی 4ـی 2026، دادگای باڵای فیدراڵی یەکەم دانیشتنی لەبارەی ئەو سکاڵایە ئەنجام دا کە عودەی عەواد، سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون (باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق) لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆماری کردبوو.
لە سکاڵاکەدا، عەواد داوای کردبوو کە مەرج و ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆریی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، بە نادروست و نایاسایی بناسێندرێن.
بەڵام دادگای فیدراڵی بڕیاری دا سکاڵاکە ڕەت بکاتەوە بەو پاساوەی کە سکاڵاکار هیچ بەرژەوەندییەکی لە پێشکەشکردنی ئەو سکاڵایەدا نەبووە و مافی نەیاریی (خصومة) نییە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە عودەی عەواد خۆی ئامادەی دانیشتنەکە نەبووە و تەنیا پارێزەرەکەی ناردووە، دادگاش بەو هۆیەوە سکاڵاکەی ڕەتکردووەتەوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، کە لە ١٨ـی ئاداری ڕابردووەوە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکردووەتەوە.
ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەو ڕێگەیەوە دەگاتە بەندەری جەیهان، وەک ڕێگەیەکی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز و جەنگی ئێستای ناوچەکە.