هەرێم نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەغدا پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە کۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکەدا کراوە. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێک کردووەتەوە کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی هەبێت.
محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا پەرۆشیی خۆی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی عەلی زەیدی دەربڕیوە و ئامادەیی نیشانداوە بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەک لەپێناو پێکهێنانی کابینەی نوێ. سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە بنەماکانی دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات بەپێی ڕێکارە دەستووری و دیموکراسییەکان بچەسپێنرێت.
هەر لەو دیدارەدا، باس لە پێویستیی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نێوان لایەنە نیشتمانییەکان کراوە. سوودانی ڕایگەیاندووە کە قۆناغی ئێستای عێراق پێویستی بە هەوڵی چەند هێندە هەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پاراستنی سەقامگیریی وڵات.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە شەقامی عێراقی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان چاوەڕێی عەلی زەیدی دەکەن بۆ ئەوەی لە ماوەی دەستووریدا ناوی وەزیرەکانی کابینەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان.