هەرێم نیوز
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی خولیی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد، تێیدا زنجیرەیەک بڕیاری توند بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان دەرکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی 4ـی 2026، سەباح نعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتە ئەمنییەکان و کڕینی سیستەمی دژە فڕۆکە کراوە. ئەنجومەنەکە جەختی لەسەر مافی عێراق بۆ بەرگریکردن لە خۆی کردەوە و چەند ڕاسپاردەیەکی گرنگی دەرکرد:
یەکەم: ڕێکارە ئەمنی و سەربازییەکان
ئەنجومەن بڕیاری دا چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و ڕێکاری توند دژی لایەنە "خاوەن چەکەکان" بگیرێتە بەر. هەروەها جەخت کرایەوە کە ڕێگریی تەواو دەکرێت لە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ یان نێردە دیپلۆماسییەکان لە خاکی عێراقەوە، هەر لایەنێکیش پێچەوانەی ئەمە بجوڵێتەوە، بەبێ جیاوازی ملاحەقەی یاسایی و سەربازی دەکرێت.
دووەم: تیرۆر هەژمارکردنی هێرشەکان
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند، کە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ یان نێردە دیپلۆماسییەکان لە ناوخۆی عێراقەوە، بە "کردەوەی تیرۆریستی" دادەنرێت و ئەنجامدەرانی ڕەوانەی دادگا دەکرێن.
سێیەم: هەوڵە دیپلۆماسییەکان
عێراق هەماهەنگییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە چڕ دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، هاوکات داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکات کە پابەند بن بەوەی خاکی عێراق و ئاسمانی وڵاتەکە بۆ هێرشکردنە سەر هیچ لایەنێک بەکارنەهێنن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنەکە جەختی کردەوە کە عێراق خۆی بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی خۆی و ڕێگە بە هیچ لایەنێکی دەرەکی نادات دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییدا بکات.
ئەم بڕیارانەی سوودانی لە کاتێکدایە، کە پێشتر واشنتن لە پەیامێکی تونددا حکومەتی بەغدای بە "بێتوانا" وەسف کردبوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکاندا.