هەرێم نیوز
عێراق چووە ناو بۆشاییەکی نوێی دەستوورییەوە دوای ئەوەی لایەنە شیعەکان نەیانتوانی لە وادەی دیاریکراودا لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران ڕێبکەون، هاوکات دەنگۆی کاندیدکردنی (عەلی زەیدی) وەک بژاردەیەکی نوێ بڵاوبووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی 4ـی 2026، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرایان کرد کە کاتژمێر ١٢ـی شەوی ڕابردوو وادە دەستوورییەکە (١٥ ڕۆژ) بۆ ناردنی ناوی کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ سەرۆک کۆمار کۆتایی هات.
لەم نێوەندەدا هادی عامری و هومام حەمودی کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر پێویستیی تەوافوق کردووەتەوە، بەڵام ناکۆکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بەتایبەت لە نێوان مالیکی و سودانی، ڕێگر بووە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.
لەلایەکی دیکەوە، باس لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئەمریکا دەکرێت بۆ لایەنە شیعەکان، کە تێیدا واشنتن ڕایگەیاندووە مامەڵە لەگەڵ هیچ حکومەتێک ناکات ئەگەر سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی نزیك لە ئێران تێیدا کاریگەر بن. ئەم هۆشدارییە دوای دەرکەوتنی "ئەبو ئالای وەلائی" دێت لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەدا.
هاوکات، نوری مالیکی کاندیدکردنی (حەمید شەtri)ی ڕەتکردووەتەوە و ئێستا باس لە ئەگەری کاندیدکردنی "عەلی زەیدی" دەکرێت، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی لەو بارەیەوە نەدراوە.