دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

عامر فایز: مالیکی و سوودانی لە کێبڕکێی سەرۆکوەزیران کشانەوە و شەش کاندید ماون

هەرێم نیوز

سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایدەگەیەنێت، کە هەریەک لە نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کشاونەتەوە، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە لە ئێستادا ململانێکان بۆ ئەو پۆستە لە نێوان شەش کاندیددا چڕ بوونەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی 4ـی 2026، عامر فایز، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکی هاوپەیمانیی (تەسمیم) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی بکرێت، بۆ کاتژمێر ٨ـی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە ماڵی عەممار حەکیم دواخراوە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، کە کۆبوونەوەکەی دووشەممە یەکلاکەرەوە دەبێت و ئەگەر کوتلەکان بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ڕەنگە ناوی کاندیدی سەرۆکایەتیی حکوومەت بە فەرمی ڕابگەیەنرێت.

فایز ڕوونیکردەوە، کە لە ئێستادا کێبڕکێیەکە لە نێوان شەش کەسایەتیدایە، ئەوانیش بریتین لە (باسم بەدری، عەلی شوکری، محەممەد دەڕاجی، عەبدولحوسێن عەبتان، قاسم ئەعرەجی، و حەمید شەتری).

 هاوکات ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە یەکلابوونەوەی پۆستەکە دەکەن بۆ باسم بەدری و جەختی کردەوە: "ئەو زانیارییانە ورد نین و هێشتا دانوستانەکان لەسەر هەر شەش ناوەکە بەردەوامن بەبێ ئەوەی کەسیان پێشینەییان پێدرابێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کرد، کە لەم ساتەدا ناکرێت پێشبینیی ناوی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بکرێت، چونکە دیدار و گفتوگۆکان بەردەوامن.

دووپاتیشی کردەوە کە لە ئێستادا ئەولەوییەتی چوارچێوەی هەماهەنگی تەنیا دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانە، و پاش حەسمکردنی ئەو پرسەش، گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری دەستپێدەکەن و کاتێکی زۆری پێویست نابێت، چونکە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەسەر شێوەی گشتیی حکوومەت هەیە، بەڵام گرێکوێرەکە تەنیا پرسی سەرۆکوەزیرانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP