هەرێم نیوز
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێکی تونددا داوا لە سەرجەم پەرلەمانتاران دەکات بەشداری دانیشتنی سبەینێی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکەن و هۆشداری دەداتە بایکۆتکاران.
سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند کە ناوی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە کە ئامادەی دانیشتنەکەی سبەینێ نابن. حەلبوسی داوای لە سەرکردە سیاسییەکان و سەرۆک فراکسیۆنەکان کرد بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەڵبگرن و بەرەو تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان هەنگاو بنێن، بەتایبەت کە عێراق لە دۆخێکی ئەمنی و ئابووریی "سەختدا" تێدەپەڕێت.
کێشەی "ڕێژەی یاسایی" و بایکۆتی پارتی
بەپێی زانیارییەکان، دۆخی دانیشتنەکەی سبەی شەممە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ بەم شێوەیەیە:
• ئامادەبووان: تا ئێستا تەنها ١١٥ پەرلەمانتار ئامادەیی خۆیان نیشانداوە.
• پێویستی بەغدا: بۆ تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی (نصاب)، پەرلەمان پێویستی بە ١٠٥ پەرلەمانتاری تر هەیە.
• هەڵوێستی کورد: سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە تا ئێستا بڕیاری بایکۆتی داوە.
ئەم فشارەی حەلبوسی لە کاتێکدایە کە بەبێ بەشداری پارتی و بەشێک لە هێزە شیعەکان، ئەستەمە ڕێژەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەواو ببێت. چاودێران پێیان وایە بڵاوکردنەوەی ناوی پەرلەمانتارەکان وەک کارتێکی فشار بەکاردێت بۆ ئەوەی لایەنەکان ناچار بکرێن بچنە ناو هۆڵی پەرلەمان، بەڵام هێشتا ململانێی نێوان "هەولێر و بەغدا" لەسەر ئەم پۆستە وەک گرێ کوێرەی پرۆسەکە ماوەتەوە.